بۆ جه‌مالی مفتی
ئه‌وڕۆژه‌ی تۆ له مهاباد گه‌ڕایه‌وه،
ئه‌رێ كێ بوو ئه‌و هه‌واڵه‌ی بۆ من هێنا؟
كێ بوو وتی:
«بولبوله‌ده‌نگخۆشه‌كه‌مان
به ته‌وژمی باڵی هه‌ڵۆ هه‌ڵفڕیوه»؟
كێ بوو وتی:
«له چوارچرا ده‌نگی دوایین سروودی زامداری جه‌مال
له هاوار و ناڵه‌ی هه‌موو تفه‌نگه‌كان به‌رزتر بوو»؟
ئه‌و شه‌وه‌ی كه پێیان وتین بۆ به‌یانی تۆ دێیه‌وه
قه‌ڵای بۆكان وه‌كوو دایكت چاوه‌ڕوان بوو
تا به‌ربه‌یان سه‌ری كێشا و
ده‌یڕوانی
له شه‌قامه بێده‌نگه‌كه‌ی داوێنی خۆی.
كه هاتییه‌وه من له‌وێ بووم.
له‌م سه‌ر تا ئه‌وسه‌ری شه‌قام
ئه‌وانه‌ی تۆیان خۆش ده‌ویست
ئه‌وانه‌ی خۆشت ویستبوون
وه‌ك دارستان، ئه‌مبه‌ره‌وبه‌ر ڕاوه‌ستابوون
قامه‌تی تۆش چنارێكی ڕ‌اكشاو بوو
به نێو داڵانی باغێكی پڕ له سڵاو و سروود دا
تێده‌په‌ڕی.
خۆت بێده‌نگ و
سرووده‌كه‌ت له گه‌رووی شارێك ده‌بیسترا.
ئه‌و ڕۆژه‌ی تۆ گه‌ڕایه‌وه
به‌ژنت بۆنی نه‌عنه‌ی كێویی لێده‌هات و
بۆنی خاكی به‌ر سووره‌تاو؛
بۆنی ده‌غڵی ده‌شتی به‌رینی شاروێران؛
بۆنی شنه‌ی پاییزانی باغه‌به‌هێی ئاجیكه‌ند و
بۆنی سه‌نگه‌ری به‌رباران.
ئێسته هه‌موو بیرت ده‌كه‌ن؛
بیری خۆت و
ڕێژنه‌ی ده‌نگت:
شۆڕه‌بییه‌كه‌ی باغی سیسه و
منداڵه بێنازه‌كانی كۆڵانی ته‌سكی هه‌ژاری و
ده‌سفرۆشه پیره‌كانی به‌ر كڕێوه‌ی ڕه‌نجه‌ڕۆیی.
كیژه‌كانی دڵداری خۆر
به ڕه‌نگی گه‌شی نیگای تۆ
چاوی گوڵێكی ته‌ونیان ڕشت
له قه‌راخی كانیاوی زۆر زوڵاڵی پێكه‌نینه ئه‌به‌دییه‌كه‌ت؛
كاتێك لێویان باری لێ نیشت
وه‌كوو په‌رده‌ی ڕه‌نگ په‌مه‌یی نێو كۆڵانه سووره‌كانی شاری هه‌نار.
كۆچت سه‌فه‌ری سروود بوو
ئه‌ی قه‌نارییه ده‌نگخۆشه‌كه‌ی
هه‌ڵفڕینت له فڕینی هه‌ڵۆ ده‌چوو.
ناسری حیسامی
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی شارستان

