هاوینی ساڵی 1983 بوو. جاده‌ی سه‌رده‌شت- مه‌هاباد له‌ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کانی کوردستاندا بوو. دژمن له لای مه‌هاباده‌وه تا ئاوایی عه‌وڵاکورده هاتبووه پێش و له به‌رزاییه‌کانی نیوان '' عه‌وڵا کورده'' و '' گیادروان'' مۆڵگه‌ی دانابوو. له عه‌وڵاکورده به‌ره‌و ژوور له ژێرده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دا بوو. لکی3ی شه‌هید برایمی ساڵه‌موقه‌ده‌م له هێزی 21ی شههیدپێشهوا ئه‌رکی پاراستنی جاده‌ی مه‌هاباد – سه‌رده‌شتی له ده‌راوی'' کانیه‌ره‌ش'' تا نیزیک قاوه‌خانه‌ی عه‌ولاکورده‌ی به‌ئه‌ستۆوه بوو. بنکه (مه‌قه‌ڕ)ی ئه‌رکانی لکی3 له ئاوایی خه‌لیفان بوو. خه‌لیفان له ده‌شتی نێوان کیتکه، گۆلان، کانی‌میران، کۆره‌گێ، یاڵته‌مر، قۆیته‌ڵ و شاره‌زوور هه‌ڵکه‌وتووه. جاده‌ی نێوان کیتکه وکانی‌سێو به ته‌نیشت خهلیفاندا تێده‌په‌ڕیی. ئه‌وکات لکی3 دوو ده‌سته‌ی به ناوه‌کانی ده‌سته‌ی شه‌هیدانی موسه‌وی‌فه‌ڕ و ده‌سته‌ی شه‌هید تالی هه‌بوو. حه‌وت په‌لیشی هه‌بوو به ناوه‌کانی: په‌لی شه‌هیدان،په‌لی هه‌ڵۆ، په‌لی بێکه‌س، په‌لی باڵغی،په‌لی خوێنی کوردستان‌و په‌لی رزگار، په‌لی شێرکۆ .
هه‌رده‌سته‌یه‌ک به نۆره ده‌بوو به ئاواییه‌کانی ئه‌وبه‌ره‌وبه‌ری جاده‌ی مه‌هاباد سه‌رده‌شتدا جه‌وله بکا و جموجۆڵی هیزه‌کانی رژێم بخاته ژێرچاوه‌دێری. له یه‌کێک له‌و جه‌ولانه‌دا ده‌سته‌ی ئێمه واته ده‌سته‌ی شه‌هیدانی موسه‌وی‌فه‌ڕ، پێمان ئه‌سپێردرا له جه‌واڵه‌ره‌شان‌ڕا هه‌تا نیزیک قاوه‌خانه‌ی عه‌وڵاکورده سه‌ری هه‌موو ئاواییه‌کانی ئه‌وبه‌ره‌وبه‌ری جاده بده‌ین. ئه‌و ئاواییانه بریتی بوون له: کامه‌م، دۆڵپهمۆ، ڕه‌فته، شۆڕاوا، سڵۆک، ئافان، ئامێد، سوران که ته‌نیا ماڵێک بوو، کاوه‌یس، مازه‌ڵه، گوڵیار،خڕه‌جۆ، قۆزلوجه، گیادروان.
ئێمه شه‌وانه تا به‌ری‌به‌یانان له نێو ئاواییه‌کان ده‌ماینه‌وه و پیش‌رووناک بوون، ده‌چوینه به‌رزاییه‌کانی ده‌وری ئاوایی. یه‌کێک له‌و به‌رزاییانه‌ی زۆریان ده‌چوینێ، '' ئه‌حمه‌دکاوڕ'' کیفاراوێ'' و '' بۆگه‌نیوه'' بوون. ئه‌حمه‌دکاوڕ له نیوان ئاواییه‌کانی دۆڵپهمۆ،گوڵیار، و مازه‌ڵه و خره‌جۆ و قۆزلوجه هه‌لکه‌وتووه. له‌سه‌ر ئه‌حمه‌دکاوڕی‌ڕا مۆڵگه‌ی عه‌وڵاکورده و جاده‌ی مه‌هاباد- سه‌رده‌شت هه‌تا جه‌واڵه‌ره‌شانمان لێ‌دیار بوو. کیفاراوێ که‌وتووه‌ته پشت ماڵێ ڕفته‌ی. بۆگه‌نیوه که‌وتووه‌ته نێوان ئاواییه‌کانی ئامێد، خاتوون‌ئه‌ستی، سوران و مڕانه و زیوه و سۆڵغه، دۆڵ‌به‌هار،مه‌حمودئاوا، سه‌رتان، سیاقۆڵی سه‌رێ، سمێنوێ.
رۆژێک سه‌رده‌سته‌که‌مان سه‌رپه‌له‌کانی کۆکرده‌وه و چه‌ند سه‌عاتێک پێکه‌وه چوون بۆ هه‌ڵنان و زانیاری کۆکردنه‌وه له‌سه‌ر هاتووچۆی هێزه‌کانی رژێم له نیزیک عه‌وڵاکورده و کاوه‌یس. لای ئێوارێ هه‌موویان وه‌دیی هاتنه‌وه و به‌ره‌و ئاوایی خاتوون‌ئه‌ستی وه‌رێکه‌وتین. له‌خاتوون ئه‌ستی به‌سه‌ر ماڵان‌دا دابهشکراین و سێ سێ و چوار چوار پێکه‌وه چووینه ماڵان. دوای نان وچا خواردنه‌وه له شوێنێک کۆده‌بوینه‌وه و کیشک و گه‌شت و که‌مینی به‌یانیمان دادهناو به‌ره‌به‌یانی زوو ده‌چووینه شاخی و کاتێک له نه‌بوونی دوژمن و جموجۆڵی خاترجه‌م ده‌بووین، ده‌گه‌ڕاینه‌وه ناودێ، به‌ڵام بۆ کارقایمی دوو یان سی‌که‌سمان له یه‌کێک له به‌رزاییه‌کان ده‌هێشته‌وه و ئه‌وانی دیکه ده‌هاتنه‌وه نێو‌دێ.
ئه‌و رۆژه هیچمان نه‌هاتینه‌وه نیودێ و هه‌ر له به‌رزاییه‌کانی نێوان، زینداندهرێ، خاتوون ئه‌ستی و سیاقۆڵی سه‌رێ ماینه‌وه. پاشنیوه‌ڕۆیه سه‌رپه‌ل و سه‌رده‌سته‌کانمان هاتن و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردین و بۆمان ده‌رکه‌وت دوێنی ئه‌وان چوون بۆ ''شناسایی'' و ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر جاده‌ی مه‌هاباد سه‌رده‌شت له نیزیک کاوه‌یس و عه‌وڵاکورده ده‌بێ له '' ئایفای'' هه‌ڵگری '' ته‌ئمینه‌کان''ی مۆڵگه‌ی عه‌وڵا کورده بده‌ین. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌مان له به‌رقه‌دی شاخه‌که‌ی نیوان سیاقۆڵی‌سه‌رێ و خاتوون‌ئه‌ستی کرد و له‌سه‌رووی ئێمه کانیاوێکی ساردی لێ‌بوو که خه‌ڵکی ئاوایی پێیان ده‌گووت کانی‌ئاسمان. ده‌راوی کانیاوه‌که پنگه‌ڵان بوو. شینایی ده‌وروبه‌ری رێڕه‌وی کانیاوه‌که هه‌تا ده‌گه‌یشته دۆڵه‌کانی خوارێ بژوێن و چڕ‌وپڕ بوو. سه‌رووی کانیاوه‌که به‌رده‌ڵانێکی سپی بوو. هیشتا چه‌ند کاتژمێرێکی مابوو بۆ ده‌سپێکی '' عه‌مه‌لیاته‌که''.یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کان پرسی به‌و رووته‌نه‌ی‌دا چۆن خۆمان بگه‌یه‌نینه سه‌ر جاده و دوژمن پێمان نه‌زانێ؟ یادی به‌خێر عه‌لی ئه‌حمه‌د زاده ناسراو به عه‌لییه چکۆل(ئه‌حمه‌دزاده) که به‌شداری ده‌وره‌یه‌کی فێربوونی به‌کارهێنانی تۆپ،خۆمپاره،نه‌خشه‌خوێندنه‌وه و گه‌راگرتن ببوو، باسێکی بۆ گێراینه‌وه که جێگای سرنج‌بوو. عه‌لی کوتی له‌و ده‌وره‌یه‌ی له ئاوایی کامه‌م داندرابوو مامۆستایه‌کمان هه‌بوو به‌شداری له شه‌ڕی'' زوفار''دا کردبوو. مامۆستاکه باسی تاکتیکێکی پارتیزانه‌کانی'' عومانی'' گێڕابۆوه که کاتی خۆی بۆ گرتنی مۆڵگه‌یه‌کی رژێمی ئه‌وکاتی عومان به‌کاریان هێنابوو. ئه‌و پارتیزانانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنی مۆڵگه‌که‌یان پێ نه‌زانیوه‌و ده‌وروبه‌ره‌که‌شی هێنده رووته‌ن و ده‌شت بووه نه‌یان توانیوه باش '' شناسایی'' ئه‌و مۆڵگه بکه‌ن، که‌رتکه مه‌ڕێکیان هێناوه‌وه بۆخۆشیان پێسته‌مه‌ڕیان له‌به‌ر کردووه و به‌و فێڵه مۆڵگه‌یان گرتووه. عه‌لی کوتی ئه‌و دیوی ئه‌م باسکه ده‌سته مه‌ڕێکی لێ ده‌له‌وه‌ڕی، ئیمه‌ش ده‌توانین به ماته‌ماته له‌سه‌ر ده‌ست و پییان برۆین تا له چاو مۆڵگه‌و ته‌ئمینه‌کان وون ده‌بین.
ئێواره هات. سێبه‌ر به‌سه‌ر وڵاتی کشا. دۆڵه‌کان له بێده‌نگییدا نوقم بوون. هه‌رکه‌س تونیی بوو چه‌ند لاوێچی له ئاوی سارد و سووکی کانی ئاسمان خوارده‌وه. به گه‌وه‌ی به‌ر کانییه‌که‌دا په‌رینه‌وه به‌رۆژه‌که‌ی ئه‌وبه‌ریی. یه‌ک یه‌ک و به سینگه خشکه له تیره‌گه‌که‌ی‌را به‌دیوی کاوه‌یسی‌دا شۆڕبووینه‌وه.
ئه‌و جێیه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین له شوێنی مه‌ڕه‌کان دوور بوو. شوانی مه‌ڕه‌که‌ش دیار نه‌بوو. ئێمه‌له‌م به‌ر و ده‌سته‌مه‌ڕیش له‌وبه‌ری خڕه‌که‌ی بوون. شوێنه‌که‌ش بۆوه‌ی نه‌ده‌بوو هه‌رای شوانه‌که‌ی بکه‌ین. پێشمه‌رگه‌یه‌کی قسه خۆشمان له‌گه‌ڵ بوو رووی له عه‌لییه چکۆلی کرد و پرسی: عه‌لی ئه‌و پارتیزانانه‌ی عه‌مانێ مه‌ڕه‌که هی خۆیان بوو یان مه‌ڕی خه‌ڵکی؟ عه‌لی بزه‌یه‌کی هاتێ و کوتی نازانم.
هێدی هێدی مه‌ڕه‌کان به‌له‌وه‌ڕ به‌ره‌و لای ئێمه‌هاتن و هیوایه‌کمان تێدا په‌یدا بوو. جێگاکه‌مان زۆر ته‌نگه‌به‌رو ناخۆش بوو. خودا خودامان بوو ئه‌و که‌رتکه مه‌ڕه بگاته به‌ری ئێمه‌و له نێوئه‌وان‌دا خۆمان حه‌شارده‌ین وبگه‌ینه قه‌راغ جاده‌ی.
مه‌ره‌کان هاتنه به‌ری ئێمه و به‌رسینگه‌یان له‌ولاپاڵه‌ی گرت و پێی هه‌ڵگه‌ران. ئێمه‌ش له‌به‌ر به په‌له‌یی به‌نیو مه‌ڕه‌کان وه‌ربووین تا تێکه‌ڵیان بین،به‌لام مه‌ڕ قوشقی بوون وده‌رپه‌ڕین و هه‌ر یه‌که‌ی به‌لایه‌کدا کوڕه‌گوێ بوون. له نێوه‌ڕاستی په‌رێزه‌که‌دا مابووینه‌وه، هه‌رچۆنێک بێ خۆمان گه‌یانده خڕه‌که‌ی و به‌وێدا به‌ره‌و چۆم وجاده‌ی داگه‌ڕاینه خوارێ.
زۆری پێنه‌چوو ماشێنێکی ئایفا و تویوتایه‌کی نیزامیی هاتنه به‌ر سێره‌مان. ته‌قه‌مان لێکردن و هه‌ردوو ماشێن خه‌راپ بوون.جاده‌که بڵێندتر له‌و جییه‌ی بوو ئێمه ته‌قه‌مان لێوه‌ده‌کرد. چه‌ند که‌سێکی نێوماشێنه‌که له لێواری جاده‌که خۆیان مهڵاسدابوو و ته‌قه‌یان له ئێمه ده‌کرده‌وه. مۆڵگه‌ی دوژمن له عه‌وڵا کورده وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی وڵاتی وه‌به‌ر ره‌هێڵه‌ی گولله‌ی تۆپ و خۆمپاره‌دا و له جێ جێ بوو به هۆی سووتانی پوش وپه‌لاشی مه‌زراکان.
له گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا گرمه‌یه‌کی جیاواز له ته‌قینه‌وه‌ی تۆپ و خۆمپاره‌کان له باسکی نیوان خاتوون‌ئه‌ستی و مه‌زراکانی کاوه‌یس ڕاهات، له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی ئه‌و گرمه نامۆیه،ئه‌وانی له‌سه‌ر جاده‌ی بووین هه‌موومان بیرمان له یه‌ک شت کرده‌وه، ئه‌ویش ئه‌و سه‌نگه‌ره بوو که چه‌ند جارێک له لایه‌ن دوژمنه‌وه مین‌رێژکرابوو و هه‌موو جارێ مه‌ڕ و ماڵاتی خه‌ڵکی وه‌سه‌ر ده‌په‌ڕیی. پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌مان به‌ره‌و جاده وه‌ڕێ که‌وین سێ پێشمه‌رگه‌مان له‌و باسکه‌ی دانا که پشتمان بگرن نه‌وه‌کا دوژمنی جێگر له مۆڵگه‌ی حاجی‌مامیان به‌لای زیندانده‌رێ‌دا پشتمان لێبگرێ. به‌ڵام زۆر به‌روونی به‌و سێ هاوڕێیه‌مان گوتبوو توخنی ئه‌و سه‌نگه‌ره نه‌که‌ون. به‌لام داخی‌گرانم کاتێک خۆمان گه‌یانده شوێنی گرمه‌که، یه‌کێک له‌و سێ پیشمه‌رگه‌ی پشتی ئێمه‌یان گرتبوو، به ناوی کاک خالید عوسمانپوور چه‌ند میتر له‌ولای سه‌نگه‌ره‌که ده‌مه‌وڕوو که‌وتبوو. دوو پێشمه‌رگه‌که‌ی هاورێی هێنابوویانه دیوی خاتوون ئه‌ستی و سه‌ری له‌سه‌ر ڕانی یه‌کیان بوو. کاک خالید سه‌ره‌رای ئه‌و برینه قورسه‌ی( هه‌ردوو لاقی په‌ریبوو، یه‌کیان له‌سه‌رووی چۆکی، ئه‌وی دیکه‌یان له‌خوار چۆکییهوه) دروشمی : بژی کوردستان، بژی پیشمه‌رگه و بژی حیزبی دێموکڕاتی ده‌دا. خالیدم زۆر خۆشده‌ویست، له‌بن سه‌ری دانیشتم و ماچم کرد. له‌بیرمه هه‌تا ده‌راوی کانی‌ئاسمان له‌سه‌ر ده‌ستم بوو.هه‌ر دلخۆشیم ده‌داوه. پێشمه‌رگه‌کانی دیکه هه‌موویان ده‌یان ویست هه‌ڵیگرن. خالید خۆشه‌ویستی هه‌مووان بوو. به‌داخه‌وه خالید له‌ده‌راوی کانی‌ئاسمانێ چاوه‌کانی له‌سه‌ر یه‌ک دانان و زمانی بۆ هه‌میشه له گۆ که‌وت. شه‌هید بوونی کاک خالید تامی عه‌مه‌لیاته‌که‌ی لێ تاڵ کردین. هه‌موو مات و بێواز بووین. له‌گه‌ڵ بۆلێڵی ئێوارێ گه‌یشتینه گوندی مڕانه. خالیدمان به خاکی کوردستان سپارد. دوای چه‌ند رۆژ دایکی شه‌هید خالید له کوره‌خانه‌ی‌ڕا گه‌ڕاوه. کاتێک دایکی شه‌هید خالید هات، ئێمه له هه‌واری‌مێرێ له سه‌رووی مڕانه و له بناری بۆگه‌نیوه‌ی بووین. خۆمان گه‌یاند لای‌و له‌گه‌ڵی چووین بۆ سه‌ر گلکۆی شه‌هید خالید. به‌دیتنی گڵکۆکه یه‌که‌م پرسیاری ئه‌وه بوو: ئه‌و قه‌بره بۆ ئه‌وه‌نده کورته، خۆ خالیدی من که‌ڵه‌گه‌ت بوو؟ پاش ئه‌وه‌ی کوڵی دڵی خۆی رشت، هێدی هێدی رووداوه‌که‌مان بۆ گێڕاوه. کاتێک ویستی بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای بنه‌ماڵه‌که‌ی، ده‌سته‌کانی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵێنان و کوتی خودایه ئه‌و پیشمه‌رگانه به‌تۆ ده‌سپیرم، ئه‌وانه هه‌موویان خالیدی منن. تاوێک دوای ئه‌م قسه‌یه‌ی جێبه‌که‌ی له ته‌پوتۆزی رێگادا وون بوو، ئێمه‌ش به‌ره‌و هه‌واری مێرێ هه‌ڵگه‌ڕاین.
که‌ماڵ گروێسی 2008

